شاعیر: مەلا حەسەنی جەوهەری
کتێب: دیوانی جەوهەری
سەرناو: ئەی جەنابی موقتەدیر ئەی هەمدەمی شەوگاری دوور
لەبارەی شیعر: نامە بۆ مەلا محەممەدی ئەییوبی کە لە کاتی سەردانی تووبا خانمی خوشکی سەرداری بۆکان، جەوهەریی لە دەرەوە بەجێهێشتبوو.

ئەی جەنابی موقتەدیر ئەی هەمدەمی شەوگاری دوور
بۆچ ڕەفێقی خۆت بەجێهێشت و بەتەنیا چوویە ژوور

گەر دەڵێی تۆ ئەهلی عیلمی ئێرە جێگای تۆ نییە
خێر، لە حەق گەر لانەدەی هەر بۆ مەیە حۆر و قوسوور

داری تووبا سێبەر و بەرگ و بەری هەر بۆ مەیە
هەر دەبێ من بچمە ژێری و تۆ تەماشا کەی لە دوور

تاقەتی هیجرم نییە تۆخودا لە من دووری مەکە
یا ئەتۆ زوو بێرەدەر، یا فەرموو تا منیش بێمە ژوور